سەبارەت

بەرهەمهێنەران

«هەڵەچنی ئاسۆ» یەکێکە لە بەرهەمەکانی «گرووپی توێژینەوەی ئاسۆسافت» کە لەسەر ئامراز و بەرنامەی پێویست بۆ تێگەیشتنی کۆمپیوتەر لە زمان کوردی و پەیوەندیی باشتری نێوان مرۆڤی کوردزمان و کۆمپیوتەر کار دەکەن.

دامەزرێنەر و پەرەپێدەری ئەم هەڵەچنە «ئاسۆ مەحموودی»یە کە ماستەری زمانناسیی کۆمپیوتەریی لە زانکۆی تاران خوێندووە.

هاوکارانی گرووپی توێژینەوەی ئاسۆسافت

چیرۆکی ئەم هەڵەچنە

هەڵەچن بۆ زمانی کوردی

تا ئێستا چەند جار هەوڵی دروستکردنی هەڵەچن یان هەڵەگر (spell-checker) بۆ زمانی کوردی دراوە بەڵام هیچیان بەشێوەیەکی بەربڵاو نەخراونەتە بەردەستی بەکارهێنەکان و بەردڵی نووسەرانیشیان نەگرتووەتەوە. لە ڕاستیدا دروستکردنی هەڵەچن بۆ زمانی کوردی ئەرکێکی زۆر قورسە. هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم کێشانە:

  1. نەبوونی کۆدەنگی لە ڕێنووسدا: کاتێک بیروڕاکان لەسەر ڕێنووس جیاوازن، هەندێک جار ئەستەمە بڵێیت وشەکە دروستە یان هەڵە و ئەگەریش هەڵەیە دروستەکەی کامەیە؟
  2. ئاڵۆزبوونی مۆرفۆلۆجیی کوردی: بۆ دروستکردنی هەڵەچن بۆ زمانێک وەک ئینگلیزی سەرەتا لیستێک لە وشەکانی ئەو زمانە ئامادە دەکرێت. پاشان دەقەکە دەپشکنرێت و هەر وشەیەک لەو لیستەدا نەبوو ئاوا وەک هەڵە دەستنیشان دەکرێت. بەپێچەوانەی ئینگلیزی، زمانی کوردی مۆرفۆلۆجییەکی زۆر ئاڵۆزی هەیە، واتە وشەکان لە ژمارەیەکی زۆرتری مۆرفیم بە شێوەی پێشگر و پاشگر پێک دێن. بۆ نموونە لە ناوێکی ئاسایی وەک «دار» دەتوانین نزیکەی ٢٨٠٠ وشە دروست بکەین: «دارەکە، دارێک، داری، دارەکانیشماندا، ...» بۆ کارەکان (فعلەکان) وشەی زۆرتریش دروست دەکرێت. هەندێک جار یەک وشەی کوردی بەرامبەرە لەگەڵ یەک ڕستەی ئینگلیزیدا. ئەمە مانای ئەوەیە کە هەرگیز ناتوانین لیستێک لە هەموو وشەکانی کوردی دروست بکەین و دەبێت سیستەمێکمان هەبێت بۆ دابەشکردنی وشە بە مۆرفیمەکانی.
  3. کەمبوونی سەرچاوەی دیجیتاڵی خاوێن و بەکەڵک: بۆ هەر کارێکی کۆمپیوتەری لەسەر زمان، پێویستمان بە فەرهەنگ و دەقی زۆری دیجیتاڵی هەیە. بەداخەوە لەچاو زمانەکانی تر، سەرچاوە بۆ زمانی کوردی زۆر کەمترە و ئەوانەش کە هەن بە ڕێنووس و یوونیکۆدی جۆربەجۆر نووسراون و هەڵەی زۆرەیان تێدایە.

کێشە سەرەکییەکانی دەقی کوردی چین؟